وتە ئاڵتونیەکان
زانای گەورەی کوەیتی (تاریق سویدان)، مانگی پێشوو لە پێشانگای کتێب لە ئەستەمبوڵ لە وتارێکیدا، فەرموی :(ئەم وتانە ئەزمونی تەمەنمە، ئەگەر ژیانم بۆ بگەڕێتەوە وامدەکرد، دوای تەمەنێکی زۆرو، نووسینی سەد کتێب و، بینینی وڵاتان و، ھاوڕێیەتی زانایان و، پەروەردەکردنی سەد ھەزار گەنج، ئەم خاڵانە فێربووم، ئێوەش وابکەن) : ٭یەکەم: (گەشتی زۆر بکەن، ئەوەی گەشت نەکات فێرنابێت، قەبارەی زانین لەگەشتدا گەورەیە، با زیاتر مەبەستی گەشتت بۆ زانست و دۆزینەوە بێت، نەک شتی تر، دوای ئەوەی عەقیدەیەکی جوانت بۆ دامەزرا، گەشتی ئایین و کلتورە جیاوازەکانیش بکە، من چووم بۆ قوم، شاری فارسی و مەڵبەندی شیعەکان، ھەشتا ھەزار کتێبی لێبوو، لەسەدا حەفتای عەرەبی بوو، لە سەدا حەفتاشی سونە نووسیبوی). ٭دووەم: (بەبەرنامە کتێب بخوێنەرەوە، ھەوڵبدە بە لای کەمەوە مانگی ٤٠٠ لاپەڕە بخوێنیتەوە، ئەگەر ئەتەوێ ببیتە زاناو شارەزا مانگانە ٧ــ١٠ کتێب بخوێنەرەوە، نیوەی لە بەشە تایبەتمەندیەکەی خۆت و، نیوەشی لە شتی تر، خۆت فێری خوێندنەوەی خێرا بکە بۆ کورتکردنەوەی کات، بە زۆری ژیاننامەی کەسەکان بخوێنەرەوە، ئەوانەش بخوێنەوە کە لەگەڵ ڕاوبۆچونتدا نایەتەوە). ٭سێھەم: (با نەخشەو پلانت بۆ ژیانت ھەبێت، باشترین کات بۆ نەخشەدانان دوای خوێندنی ئامادەییە، خۆت سادە ڕابێنە، لەسەر شتە جوانەکان بمێنەوە، فەلسەفە لێمەدە، قسەیەک مەکە خۆت و خەڵک تێنەگەن، لەبەر خەڵک و خۆدەرخستن قسە مەکە، سەبرو ئارام و خۆگری ئەنجامی گەورەت دەداتێ). ٭چوارەم: (ھەوڵبدە زوو زوو عادەت و خوی خۆت بگۆڕە، کاتت بەفیڕۆ مەدە، خۆت لە خەتەرو ئاستەنگ و مستەحیل لامەدە، مەترسە، ئەگەر نەتپێکاو سەرکەوتوو نەبویت، دەست پێبکەرەوەو فێربە، زۆر پرسیار بکە، پرسابەو دانابە، ئەوە پیشەی داھێنەرانە). ٭پێنجەم: (پەیوەندیەکانت ڕێکبخە، بەرامبەر ئازارو زەحمەت خۆگربە، مەڕوخێ، متمانەت بە خەڵک ھەبێت، پەلە مەکە لە گرتنی ھاوڕێی ھەمیشەیی، پێویستت بە ھاوڕێی زۆر نیە، با پێنج ھاوڕێی نزیکت ھەبێت، ھەمیشە ھاوڕێیەتی مرۆڤە تایبەتەکان بکە). ٭شەشەم: (نەخشەت بۆ کۆکردنەوەی پارەو سامان ھەبێت، با ھەمیشە کۆکردنەوەت چەند قاتی خەرجکردنت بێت، سێ ساڵ جارێ بزانە چیتکردوە، تا چل و شەش ساڵی کۆکەرەوە، ھەموو پێنج ساڵ جارێ چێتێکی خۆت بکە، بزانە موڵکەکانت چەند قات بووە، با نەخشەت بۆ کۆکردنەوەی سامان بۆ کاتی خانەنشین ھەبێت، لە ئێستەوە لە بیرت بێت، باشترین کات بۆ وەبەرھێنان سیی ساڵانە). ٭حەوتەم: (دەست بە خێزانەکەتەوە بگرە، بیروڕاو مەبدەئت گرنگترە لە بەرژەوەندی، ئازادی مافی شەرعی و پیرۆزی ھەمووانە، عەقڵت بۆ فرۆشتن نیە، زەینت مەدەرە دەست مامۆستاو زاناو کەسایەتی و حیزب، بە کەیفی خۆیان یاری پێبکەن). ٭دوا وتەی ئاڵتونی ئەوەیە: (بزانن کە تەمەن کورتە، ژیان کۆتایە، بەڵام ژیان جوانە، گوێ بەو نائومێدانە مەدە کە دەڵێن ژیان ھیچ نیە، دنیا ھیچ و پوچە) پاشان وتی: (ڕەنگە لە ژیانتدا ھەنێ ھیچی ھەبێت، بەڵام تۆ ھیچ و پوچانە مەژی، ھیوادارم نەھێڵن کەس ژیانتان تێکبدات، جوانترین جوانی لە ژیانتدا خواناسینە، ناسینێکی ڕاستەقینە، قوڵ، خواتان خۆشبوێت، ھونەری ڕازیکردنی خوای گەورە بدۆزنەوە).
ئامادەکردن و پوختکردنەوەی: (حسن محمود حمە کەریم).
وتە ئاڵتونیەكان
مراجعة بواسطة
ئهدمین
في
6:13 م
التقييم:
5
ليست هناك تعليقات
كۆمێنتت چییه لهسهر بابهتهكه؟